
نووسینی/ زیرەک کەمال
حەمەی ناسیاوم ئەوەی بۆگێڕامەوە،
ئازایەتیی من لەناو گوندەکەمان و تەواوی ناوچەکە دەنگی دابووەوە، لەسەر سەکۆی مزگەوت و دیوەخان و کۆڕ و مەجلیسان باس هەر باسی من بوو، ئاخر من بەئەنقەست دەچوومە سەر ڕێی شێر و پەڵپ و بیانووم پێ دەگرت و شەڕم پێ دەفرۆشت و هەڕەشە و گوڕەشەم لێ دەکرد، کەچی ئەو ڕۆژە ڕێیەک لەبەر من هەڵدەهات، دەچوومە بێشەڵانی چڕی پڵنگ و گاڵتەم بە کلکی دەکرد، هەر بۆیەش پڵنگ لە هەر کات و شوێنێک هەستی بە بوونی من بکردبا یەکسەر بێشەڵانی بەجێ دەهێشت و ئەو ناوەی چۆڵ دەکرد، دێو و درنجی شاخان زراویان لەناوی من چووبوو، هەر بۆیەش جەربەزەیی و بوێری و ئازایەتیم ببوە وێردی سەرزاری خەڵک و حیکایەتی گوێی ئاگردان. بڕوا بکەن من بە منداڵیش هێندە جەربەزە بووم سەگ و پشیلەی ئاواییم ڕاو دەناو دەچوومە سەر تۆقەرانی داران، هێندە چاونەترس بووم باوکم شەوان دەرگای ماڵەوەی بە من پێوە دەدا!
بەڵام کێشەی گەورەی من گەنجی ئاواییەکەم بوون چونکە ئیرەییان پێ دەبردم، هەر بۆیەش بەردەوام شەڕیان پێ دەفرۆشتم و منیش بە هۆکاری جیاجیا بێدەنگ دەبووم و خۆم لێ دەبواردن. ڕۆژێکیان حەکۆی چڵمن پێی گوتم: "با بچینە یاری؟"، منیش گوتم: "نایەم"، کەچی حەکۆ تا هێزی تێدا بوو زللەیەکی لێدام، منیش بێدەنگ بووم، ئاخر شەرمەزارییە بۆ منی دێوبەزێن خۆم بهێنمە ئاست و ڕیزی حەکۆ.
ڕۆژێکی تر چوومە سەر دارگوێزێک و کۆمەڵێک گوێزم داکوتا، تا هاتمە خوارەوە زرپۆی هاوڕێم کە زۆریش ترسنۆک بوو هەموو گوێزەکانی خستە گیرفانی خۆی و پێشی گوتم: "ئەگەر پیاوی قسە بکە!"، ئێ منیش بێدەنگ بووم، ئاخر بەڕاستی عەیبە پیاو لەسەر چەند قلە گوێزێک لەگەڵ هاوڕێکەی شەڕ بکات.
ڕۆژێکیش فاتەشێت هەلەوگۆڕە گرتمی و تا هێزی تێدا بوو زللەیەکی لێدام، ئێ خۆ لەگەڵ شێت نایکەم بە شەڕ، بۆیەش بێدەنگ بووم. ئیرەیی خەڵک بە من وای لێهاتبوو نەمدەوێرا بچمە ناو کوڕان چونکە پێکیان نەدەکردم، بۆیە ڕۆژێک بەناچاری چوومە ناو کچان، کەچی کچانی گوند بە یەک دەنگ هاواریان کرد: "کوڕ لەناو کچانە، بابی قالۆچانە!"، دواتر پێیان گوتم: "تا زووە بڕۆ لەناو ئێمە"، ئێ منیش حسَاب بۆ پڵنگ نەکەم چۆن بەقسەی کچان دەکەم و گوێ لە کچان دەگرم؟ بەڵام لەپڕ ئامە پێخواس پەلاماری دام و خستمی بە عەرددا و سێ-چوار کۆرە مستیشی لێدام، منیش بێدەنگ هەستامەوە و تۆزم لە خۆم داکوتا، ئێ خۆ قابیلە لەگەڵ ئامە ناکەومە شەڕەچەپەڕۆک، چونکە شەڕکردن لەگەڵ کچان عەیب و شەرمەزارییە.
خوێنەری ئازیز، تۆ ئەو چەند دێڕە دەخوێنیتەوە بۆی هەیە بە ترسنۆکم بزانیت، بەڵام بڕوا بکە هێشتا لە هەندێک لەو سیاسییانە ئازاترم کە تەنها لەناو خۆمان ئازایەتیی خۆیان نیشان دەدەن.
