بە‌ ڕوونی

كاوە‌ مە‌حموود

 

بە‌شی پێنجە‌م ‌و كۆتایی

چ ئاراستە‌یە‌ك لە‌ هە‌گبە‌ی پرۆژە‌ی هە‌مواركردنە‌كە‌ی ئە‌نجوومە‌نی نوێنە‌رانی عێڕاقدا هە‌یە‌؟!

كڕۆكی سە‌رە‌كی لە‌ پرۆژە‌ی هە‌مواركردنی یاسای باری كە‌سێتی ژمارە‌ 188ی ساڵی 1959، بریتییە‌ لە‌ ڕێگاخۆشكردن بۆ ئە‌وە‌ی زە‌مینە‌ی قانونی بۆ بڕیاڕدانی یاسای باری كە‌سێتی جە‌عفە‌ری ‌و یاسای باری كە‌سێتی سوننی، دوای تێپە‌ڕبوونی شە‌ش مانگ بە‌سە‌ر ئە‌م هە‌مواركردنە‌، دە‌ستە‌بە‌ربكرێت.

مە‌ترسی ئە‌م ئاراستە‌یە‌ش لە‌وە‌دایە‌ ئە‌نجوومە‌نی نوێنە‌رانی عێڕاق، كە‌ بە‌ پێی دە‌ستووری ساڵی 2005  دە‌سە‌ڵاتی یاسادانانە‌، ئە‌م دە‌سە‌ڵاتە‌ بە‌ وە‌قفی شیعە‌ و وە‌قفی سوننە‌ دە‌بە‌خشێت ‌و، چاوە‌ڕێدە‌كات ئە‌و دوو دە‌زگایە‌ دوو یاسای باری كە‌سێتی لە‌سە‌ر مە‌زهە‌بی جە‌عفە‌ری ‌و لە‌سە‌ر مە‌زهە‌بی سوننی دابنێن. بە‌م جۆرە‌ بڕیاردانی ئە‌نجوومە‌نی نوێنە‌رانی عێڕاق لە‌سە‌ر ئە‌م پرۆژە‌یە‌ بڕیاردانە‌ لە‌سە‌ر ناوە‌ڕۆك ‌و ماددە‌كانی دوو یاسا، كە‌ جارێ نە‌نووسراوە‌تە‌وە ‌‌و خۆشیان ناینووسنە‌وە‌.

گومان لە‌وە‌دا نییە‌ تە‌نیا ئە‌م هۆكارە‌، كە‌ بە‌ پێچە‌وانە‌ی دە‌ستوورە ‌‌و كاری یاسادانان بە‌ جۆرە‌ دە‌زگایە‌كی نادە‌ستووری ئایینی دە‌بە‌خشێت، بە‌سە‌ بۆ ئە‌وە‌ی بڵێين، كە‌ بنە‌مای سە‌رە‌كی ئە‌م هە‌مواركردنە‌ لە‌ سە‌رە‌تاوە‌ نادە‌ستوورییە ‌‌و نە‌دە‌بووایە‌ بخرێتە‌ لیستی كاری كۆبوونە‌وە‌كانی ئە‌نجوومە‌نی نوێنە‌رانی عێڕاق.

پێدانی دە‌سە‌ڵاتی یاسادانان بە‌ دە‌زگای ئایینی مانای سە‌پاندنی خولیای تایفە‌گە‌رییە‌ لە‌ بواری یاسادا ‌و هە‌نگاوی كۆتایيهێنانە‌ بە‌ شوناسی مە‌دە‌نیبوونی دە‌وڵە‌ت ‌و كۆمە‌ڵگا ‌و، جیاكاری ئایینی ‌و مە‌زهە‌بی ‌و تایفە‌گە‌ری دروستدە‌كات ‌و، ئە‌مە‌ش بە‌ پێچە‌وانە‌ی ماددە‌ی 14ی دە‌ستووری عێڕاقە‌، كە‌ دە‌ڵێت: عێڕاقییە‌كان بێ جیاوازی بە‌ هۆی ڕە‌گە‌ز ‌و تیرە ‌و نە‌تە‌وە‌.. ئایین ‌و مە‌زهە‌ب ‌و بۆچوون ‌و بیروڕا ‌و ڕە‌وشی ئابووری ‌و كۆمە‌ڵایە‌تی بە‌رامبە‌ر یاسا یە‌كسانن.

پێدانی دە‌سە‌ڵاتی دانانی یاسای باری كە‌سێتی بە‌ فقهی مە‌زهە‌بی، گە‌ڕانە‌وە‌یە‌ بۆ كۆمە‌ڵێك ڕا ‌و بیروبۆچوونی فقهی، كە‌ لە‌گە‌ڵ نە‌ریت ‌و ئاستی ڕۆشنبیری ‌و ئابووری ‌و كۆمە‌ڵایە‌تی كۆمە‌ڵگایە‌كی پێش هه‌زار ساڵ گونجاوە‌. كۆمە‌ڵگایە‌ك لە‌ژێر كارتێكردنی نە‌ریتی پیاوساڵاری ‌و قایلبوون بە‌ كۆیلایە‌تی ‌و دانانی سە‌دان پە‌یڕە‌وی فقهی، كە‌ ڕە‌وابوونی بە‌ سیستمی كۆیلایە‌تی ‌و ژن ‌و غولمان فرۆشتن ‌و ستە‌م ‌و دیاردە‌ی پیدۆفیلیای داوە‌.

لە‌ نموونە‌ی ئە‌و بابە‌تانە‌ی جیاوازی فقهی تیایدا ئێجگار زۆرە‌، ڕای گشتی لە‌ مە‌زهە‌بی جە‌عفە‌ریدا تە‌مە‌نی باڵقی بە‌ نیسبە‌ت كچانە‌وە‌ 9 ساڵە‌‌و، دە‌كرێ كچی نۆ ساڵ بە‌ شوو بدرێت ‌و، بە‌ ڕای هە‌ندێ پیاوانی ئایینی دیكە‌ی ئە‌م مە‌زهە‌بە‌ لە‌ نۆ ساڵ ئە‌ركی نوێژ ‌و ڕۆژو‌و و حیجابی بە‌سە‌ردا فە‌رزدە‌كرێت.

لە‌ لایە‌كی دیكە‌وە‌ لە‌ هە‌ردوو مە‌زهە‌ب بە‌ شێوازی جیا، بابە‌تی سیغە‌ لە‌ مە‌زهە‌بی جە‌عفە‌ری ‌و مسیار لە‌ مە‌زهە‌بی سوننە‌دا هە‌یە ‌‌و، هە‌ردوو دیاردە‌ بە‌ هاوسە‌ری كاتی ‌و مسیار ناودە‌بە‌ن ‌و، ئە‌م هە‌نگاوانە‌ش لە‌بە‌ركردنی جلوبە‌رگی ئایینە‌ بۆ كۆمە‌ڵێك بابە‌ت، كە‌ تیایدا ژن تە‌نیا وە‌ك كە‌رە‌س‌تە‌ی چێژی سێكسی تە‌ماشادە‌كرێت ‌و ماف ‌و ئازادی ژنان ‌و كچانی تیادا پێشێلدە‌كرێت.

 پرۆژە‌ی هە‌مواركردنە‌كە‌ی ئە‌نجوومە‌نی نوێنە‌رانی عێڕاق، نە‌ك تە‌نیا مافی یاسادانان لە‌ ئە‌نجوومە‌نی نوێنە‌ران دە‌سە‌نێتە‌وە‌، بە‌ڵكۆ مافی دادوە‌ری لە‌ دادگاكان دە‌سە‌نێتە‌وە ‌‌و، یە‌كلاكردنە‌وە‌ی سە‌رجە‌م بابە‌تە‌كانی باری كە‌سێتی لە‌ مارە‌بڕینە‌وە‌ بگرە‌ تا دە‌گاتە‌ كۆتاييهێنانی بە‌ گرێبە‌ستی هاوسە‌رگیری ‌و دابە‌شكردنی میرات دە‌خاتە‌ بە‌ردە‌ستی پیاوانی ئایینی ‌و، بە‌م جۆرە‌ش دادگایە‌كی مە‌زهە‌بی بۆ بابە‌تە‌كانی باری كە‌سێتی دروست دە‌بێت ‌و، كاردە‌گاتە‌ جیاوازی حوكمی شە‌رعی نێوان خودی یە‌ك مە‌زهە‌ب لە‌ چوارچێوە‌ی فرە‌یی لە‌ حوكمی شە‌رعی ‌و جیاوازی ڕاوبۆچوونی پیاوانی ئایینی مە‌زهە‌بێكی دیاریكراو.

هە‌ندێك لە‌ نە‌ریت ‌و یاساكان، بە‌تایبە‌ت ئە‌وە‌ی پە‌یوە‌ندی بە‌ تە‌مە‌نی هاوسە‌رگیرییە‌وە‌ هە‌یە ‌‌و ماوە‌ بە‌ هاوسە‌رگیری كچانی منداڵ دە‌دات لە‌گە‌ڵ یاسا ‌و ڕێكە‌وتننامە‌ نێودە‌وڵە‌تییە‌كاندا ناگونجێت، كە‌ هاوسە‌رگیری منداڵانی قە‌دە‌غە‌كردووە‌.

ئە‌گە‌ر بگە‌ڕێينە‌وە‌ بۆ لایە‌نی دە‌ستووری ‌و مادە‌ی 41ی تیایدا، كە‌ گرفت ‌و ناكۆكی لە‌گە‌ڵ بەنە‌دە‌كانی دیكە‌ی دە‌ستوور بە‌تایبە‌تی ئە‌وانە‌ی پە‌یوە‌ندیيان بە‌ یە‌كسانی لە‌ مافە‌كان و یە‌كسانی بە‌رامبە‌ر یاسادا هەیە‌، خودی ئە‌م ماددە‌ 41یە‌كە‌، ئازادی باری كە‌سێتی بۆ چوار بوار دە‌گە‌ڕێنێتە‌وە‌، كە‌ ئایین ‌و مە‌زهە‌ب ‌و ڕاوبۆچوون ‌و بژاردە‌یە‌، كە‌چی پرۆژە‌ی هە‌مواركردنە‌وە‌كە‌ تە‌نیا لە‌سە‌ر بنە‌مای مە‌زهە‌بە ‌‌و بژاردە‌ی مە‌زهە‌بیش لە‌ حاڵە‌تی گرێبە‌ستی هاوسە‌رگیری دوو لایە‌نی جیاواز لە‌ مە‌زهە‌ب، تە‌نیا مافی پیاوە‌ نە‌ك ژن.

یە‌كێك لە‌ بابە‌تە‌ هە‌رە‌ گرنگە‌كان، كە‌ مە‌ترسی لە‌سە‌ر ماف ژن لە‌ گرێبە‌ستی هاوسە‌رگیری بە‌ پێی ئە‌م هە‌مواركردنە‌ هە‌یە‌، ماوە‌دانە‌ بە‌ ئە‌نجامدانی گرێبە‌ستی هاوسە‌رگیری لە‌ دە‌رە‌وە‌ی دادگا. ئە‌م مە‌ترسییە‌ لە‌ كاتی ئە‌نجامدانی گرێبە‌ست بە‌ پێی مە‌زهە‌بی جە‌عفە‌ری زیاترە‌، چونكە‌ ماوە‌ بە‌ ئە‌نجامدانی گرێبە‌ستی هاوسە‌ری بێ بوونی شایە‌د دە‌دات ‌و، لە‌م حاڵە‌تە‌شدا ئە‌گە‌ری ئە‌وە‌ هە‌یە‌ پیاو بە‌ مە‌بە‌ستی خۆدزینە‌وە‌ لە‌ ئە‌ركە‌كان دان بە‌و هاوسە‌رگیرییە‌ نە‌نێت، یان بە‌ جۆرێكی دیكە‌ ئاماژە‌ بۆ شوناسە‌كە‌ی بكات، جگە‌ لە‌ بوار خۆشكردن بۆ مە‌سە‌لە‌ی فرە‌ژنی، كە‌ لە‌ یاسای ئێستای باری كە‌سێتیدا مە‌رجی بۆ دانراوە ‌‌و، دە‌بێ دادوە‌ر لە‌ دادگادا ڕە‌زامە‌ندی لە‌سە‌ر دە‌ڕبڕِێ.

لە‌ بواری بە‌خێوكردنی منداڵ لە‌ كاتی جیابوونە‌وە‌ دیسانە‌وە‌ پرۆژە‌ی هە‌مواركردنە‌كە‌ بە‌ پێی مە‌زهە‌بی جە‌عفەری غە‌در لە‌ ژنان دە‌كات ‌و لە‌ كاتی جیابوونە‌وە‌دا بابە‌تە‌كە‌ لە‌ بە‌رژە‌وە‌ندی پیاودایە‌.

شایانی باسە‌ ئە‌گە‌ر پرۆژە‌ی ئە‌م هە‌مواركردنە‌وە‌ ببە‌ستینە‌وە‌ بە‌ پرۆژە‌ یاسای باری كە‌سێتی لە‌سە‌ر بنە‌مای مە‌زهە‌بی جە‌عفە‌ری، كە‌ لە‌ دۆسییە‌كانی ئە‌نجوومە‌نی نوێنە‌رانی عێڕاقە‌، بابە‌تی جیاكاری لە‌ بواری دابە‌شكردنی میرات دە‌ردە‌كە‌وێ ‌و دیسانە‌وە‌ ژن لە‌ زە‌ویوزار و بە‌رووبوومی پشكی نابێت.

لە‌ ئاكامی خوێندنە‌وە‌مان بۆ پرۆژە‌ی ئە‌نجوومە‌نی نوێنە‌رانی عێراق سە‌بارە‌ت بە‌ یاسای باری كە‌سێتی پرسیاری سە‌رە‌كی، كە‌ دووچارمان دە‌بێتە‌وە‌ ئە‌وە‌یە‌، ئایا دە‌توانین چارە‌سە‌ری كێشە‌ هاوچە‌رخە‌كان لە‌ بواری ڕێكخستنی پە‌یوە‌ندی خێزان ‌و هاوسە‌رگیری لە‌ رێگای گە‌ڕانە‌وە‌ بۆ كۆمە‌ڵە‌ دە‌قێك، كە‌ زێدە‌ی رۆشنبیرییە‌ك و ژینگە‌یە‌كی جیاواز لە‌ژینگە‌ی گۆمە‌ڵگە‌ی هاوچە‌رخمانە‌، بكە‌ین ؟

ئایا دە‌كرێت پە‌نا بە‌رینە‌ ئە‌و دە‌قە‌ شیكە‌رە‌وانانە ‌‌و ئە‌و بۆچوونانە‌ی دە‌قە‌كانيان لێكداوە‌تە‌وە‌ كە‌ لە‌ ژینگە‌یە‌كی شارستانی ‌و كە‌لتووری ئە‌وتۆ بە‌رهە‌مهاتووە‌، كە‌ ئە‌مرۆ ماوە‌ی زە‌مە‌نی لە‌گە‌ڵ ژینگە‌ی هاوچە‌رخماندا زیاتر لە‌ هە‌زار ساڵە‌؟!

بۆ وە‌ڵامدانە‌وە‌ی ئە‌م پرسیارانە‌، یە‌كە‌م دە‌بێ دان بە‌وە‌دا بنێين، كە‌ كێشە‌كانمان لە‌ هە‌لومە‌رجی ئە‌مرۆدا هە‌مان كێشە‌ی پێشینان نین. دووە‌م ئە‌و پێوە‌رانە‌ی ئە‌مرۆ ئێمە‌ بە‌ پێی (یاسای پێداویستی) فە‌لسە‌فی بۆ ڕێكخستنە‌وە‌ی پە‌یوە‌ندییە‌كانی خێزان ‌و چارە‌سە‌ركردنی كێشە‌كان بە‌كاری دەهێنین، هە‌مان ئە‌و پێوە‌رانە‌ نین كە پێشینان بۆ چارە‌سە‌ركردنی كیشە‌كانیان پە‌یرە‌و‌یان كردوون

بۆیە‌ دە‌بێت بە‌ دوای جۆرە‌ چارە‌سە‌رێكی ئە‌وتۆدا بگە‌رێين بۆ رێكخستنی پە‌یوە‌ندییە‌كانی خە‌ڵك ‌و پێداویستییە‌كانیان لە‌رێگای رێكە‌وتنمان لە‌سە‌ر كۆمە‌لێك پێوە‌ر ‌و میتۆدی هاوچە‌رخ. ئە‌م پێوە‌ر ‌و میتۆدانە‌ لە‌ جیهانی ئە‌مرۆدا تە‌نها بە‌رهە‌می كۆمە‌ڵگای ئێمە ‌‌و ئە‌زموونی تایبە‌تمە‌ندی خۆمان نین، بە‌ڵكو تێكڕای مرۆڤایە‌تی بە‌شدارە‌ لە‌ بە‌رهە‌مهێنانیدا لە‌ جیهانێكدا ڕایە‌ڵ ‌و ڕەهە‌ندی پە‌یوە‌ندییە‌كانی ئێجگار تێكە‌ڵ ‌و تێكهە‌ڵكێشن ‌و بیر و پۆچوونە‌كانیش ناكرێت سنووری بۆ دابنرێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا